ئا؛ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆما جڤاکێن کوردستان بۆ رۆژنامه‌ی (تریبون دۆ ژنێڤ*) که به زمانی فه‌ڕه‌نسی له ژنێڤ ده‌رده‌چێ، جه‌ختی کرده‌وه "درێژکردنه‌وه‌ی قۆناغی بێ چالاکی، په‌یوه‌ندی به هه‌ڵسوکه‌وتی تورکیاوه هه‌یه". سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد و وازهێنانیان له چه‌کیش، قه‌ڕه‌یڵان به‌مجۆره هاته ئاخاوتن؛ "پێویسته رێگه به ئۆتۆنۆمیه‌کی سیاسی، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی بده‌ن بۆ کورده‌کان. بۆ نمونه ده‌کرێ ئه‌مه له چوارچێوه‌ی په‌رله‌مانێکدا بێ."
له‌درێژه‌دا، قه‌ڕه‌یڵان به‌مجۆره وه‌ڵامی "گابریه‌ل دانزاس"، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی (تریبون دۆ ژنێڤ)ی دایه‌وه:

*تۆ بڵێی ئه‌و وتوێژانه‌ی سه‌ره‌تای هاوینی ئه‌مساڵ له ئه‌نقه‌ره ده‌ستیان پێکردوه، له‌تورکیا چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کوردیان به دواوه بێ؟
ــ یه‌که‌مجاره حکومه‌تێکی تورکی واز له سیاسه‌تی نکۆڵیکردن له کێشه‌ی کورد دێنێ و به‌دوای چاره‌سه‌ریدا ده‌گه‌ڕێ. ئه‌مه شتێکه ناکرێ حاشای لێبکرێ. پاش ده‌یان ساڵ تاوان و شه‌رم، ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته نوێیه، هیوای لای هه‌ر دو کۆمه‌ڵگای تورک و کورد ئه‌فراند. جاران ئه‌گه‌ر گوتبات "کوردم" ده‌خرایته به‌ندیخانه‌وه و زمانی کوردی قه‌ده‌غه بو. به‌درێژایی (25) ساڵ، تورکه‌کان سه‌رجه‌م شێوازه سه‌ربازییه‌کانیان له پێناو له‌ناوبردنی ئێمه تاقی کرده‌وه، لێ سه‌رنه‌که‌وتن. ئه‌مڕۆکه پێویسته ده‌ست به قۆناغێکی نوێی سیاسی بکه‌ین. ئێمه وه‌ک خۆمان تا دوا راده شه‌فاف و ئاشکراین: پێمانوایه چاره‌سه‌ری ته‌نیا له رێگه‌ی سیاسی و ئاشتیه‌وه ده‌چه‌سپێ.
*ئایا دینامیکه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوینیش ده‌رفه‌تێک ناخه‌نه رو له پێناو کۆتایی هێنان به شه‌ڕو پێکدادانه‌کان؟
بێگومان. هاوسه‌نگیه‌کان له ناوچه‌که‌دا ده‌گۆڕدرێن و چاوه‌ڕێ ده‌کرێ تورکیا ببێته ئاکتۆرێک بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵێکی گرنگتر بلیزێ. ئه‌مریکیه‌کان بۆ پاشه‌کشێ کردن له عێراق، پێویستیان به تورکیا هه‌یه. هه‌روه‌ها پێیان خۆشه له به‌رامبه‌ر هاوسه‌نگیه‌کانی ئێرانیش تورکیا رۆڵێکی زیاتری هه‌بێ. له‌بواری وزه‌دا، خاکی تورکیا ده‌بێته که‌ناڵێکی پڕبایه‌خ. وه‌یلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان بۆ ره‌وانه‌کردنی گاز و په‌تڕۆڵی عێراق و کوردستان متمانه‌ی به تورکیا هه‌یه. له به‌ر سه‌رجه‌م ئه‌م هۆکارانه، ئه‌نقه‌ره پێویسته خۆی کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات به پێچه‌وانه‌وه، ناتوا‌نێ ئه‌رکه نوێیه‌کانی رابسپێرێ.
*ئه‌ی له چ بوارێک‌دا به گومانن؟
ــ له‌و کاته‌وه "کرانه‌وه به‌ڕوی کورد دا" راگه‌یه‌نراوه، رۆژ به‌ڕۆژ ده‌روازه‌ی دیالۆگ به‌رته‌سکتر ده‌کرێته‌وه. هیچ پێشنیارێکی زه‌لاڵ پێشکه‌ش نه‌کراوه. له‌بری ئه‌مه، تورکه‌کان ته‌نها باس له‌وه ده‌که‌ن که چ شتێک ئه‌نجام ده‌ده‌ن. لێبوردن له ئارادا نیه، باس له وتوێژ ناکرێ، په‌روه‌رده به زمانی کوردی له قوتابخانه‌کان له گۆڕێ نییه، باس له ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچه کوردنشینه‌کان ناکرێ، له ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی تورکیادا، دان به گه‌لی کورد دانانرێ و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌کان رانه‌وه‌ستێنراون... ئێوه له شوێنه‌کانی دیکه دنیادا، کێشه‌یه‌ک به‌دی ده‌که‌ن بێ له به‌رچاوگرتنی چاوه‌ڕوانیه‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر، چاره‌سه‌ر کرابێ؟ تورکیا به‌م ته‌کڕه‌وییه‌ی، رێگه خۆش ده‌کا بۆ به‌رده‌وامبونی پێکدادانه‌کان و رۆڵێکی مه‌ترسیدار ده‌بینێ.
*داواکارییه‌کانی په‌که‌که چین بۆ ئه‌وه‌ی واز له چه‌ک بێنێ؟
ــ ئێمه ئیتر جیاخواز نین. داوای ئازادبونی رێکخستنی سیاسی، مافه فه‌رهه‌نگیه‌کان و زمان ده‌که‌ین بۆ گه‌له‌که‌مان. ده‌بێ ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی تورکیا دان به ناسنامه‌ی کورد دابنێ. تورکیا ده‌بێ دیموکراتتر بێ و رێگه بدا به ئۆتۆنۆمییه‌کی سیاسی، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ کورده‌کان. ئه‌مه ده‌کرێ له چوارچێوه‌ی په‌رله‌مانێکدا بێ. ده‌بێ کورد و تورک له پڕۆژه‌یه‌کی هاوبه‌شی کۆمه‌ڵایه‌تیدا له له ده‌وری یه‌ک کۆ ببنه‌وه. له‌وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا، ئاماده‌ین واز له چه‌ک بێنین.
*سه‌رباری ئه‌مانه، 23ی سێپته‌مبه‌ری رابردو، په‌که‌که ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ی درێژ کرده‌وه....
ــ به‌رده‌وامبونی له‌داهاتودا په‌یوه‌ندی به‌و سیگناڵانه‌وه ده‌بێ که تورکیا ده‌یاندا. ئه‌گه‌ر به جێگه‌ی میتۆده سیاسیه‌کان گرنگی به پلانه سه‌ربازییه‌کان بدا، ئه‌وا ئێمه‌ش چاوخشاندنه‌وه به‌بڕیاره‌کانماندا ده‌که‌ین.
*رۆژنامه‌ی (Tribune de Geneve) رۆژنامه‌یه‌کی سویسیه که کاتی خۆی له‌لایه‌ن ژه‌نه‌ڕاڵێکی سوپای ئه‌مریکی که له بانکێکدا سه‌رمایه‌کی زۆری له سه‌ر یه‌ک که‌ڵه‌که کردبو، له ساڵی 1879 یه‌که‌م ژماره‌ی لێ ده‌رکرا. له ساڵی (1895)ه‌وه، ئه‌م رۆژنامه‌یه دوهه‌مین رۆژنامه‌ی سویسی ـ فه‌ڕه‌نسیه. رۆژنامه‌ی لا تریبون دۆ ژنێڤ زیاتر هه‌واڵه‌کانی ناوخۆ و هه‌روه‌ها هه‌واڵی تایبه‌ت به ده‌زگا ناونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ژنێڤ روماڵ ده‌کا و تیراژی رۆژانه‌ی ده‌گاته زیاتر له 73000. بنکه‌ی ئه‌نته‌رنێتی رۆژنامه‌ی ناوبراو، هه‌واڵه‌کانی رۆژنامه‌که‌وه و هه‌روه‌ها بابه‌تی تر به شێوه‌ی مۆڵتی میدیا بڵاو ده‌کاته‌وه.






