دیالۆگ

مافی سه‌رجه‌م نووسراوه‌كانی ناو ئه‌م وێبلاگه‌ پارێزراوه. بۆ په‌یوه‌ندی: bayezidi.s@orangemail.ch

کاروان بەڕێوەیە و رۆشنبیرانی فارسیش لەگوێی گادا خەوتون

tttt
لەناو ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بە سەردا دابەشکراوە، رۆژنامەنوسان بەتایبەتی و رۆشنبیرانی فارس بەگشتی نامەسئولانەتر هەڵسوکەوتیان کردوە بە نیسبەت چینی نوخبەی عەرەب و تورک. ئەوان جگە لەوەی بایکۆتی پرسی کوردو دۆزە رەواکەیان کردوە، هەر جار ناجارێ، مستێک خۆی بەسەر برینی جەستەی کورددا دەکەن. لە دیموکراتترین مرۆڤەکانیاندا هەمیشە کۆمەڵێک هێڵی سور هەیە و رۆژنامەنوس هەرە پێشکەوتو و ئازادیخوازەکانیان تەنیا لەحاڵەتێکدا دیموکراتن کە کورد وەک گوێڕایەڵ و برای بچوکی خۆیان ببینن نەک وەک کوردێک کە داکۆکی لەناسنامەی خۆی دەکا. ئەوان کوردێکیان دەوێ گوێ لە قسەیان بگرێ و کاتێک کە گوتیان "ئێران"، خوێن لەدەمارەکانیدا بکوڵێ و هەست بەشانازی بکا.

ئەوە لەرۆژنامەنوس و رۆشنبیرەکانی ناوخۆیان کە بەبیانوی جۆراوجۆر كڕو کپ و بێدەنگن و ئەوەش لەوانەی هەندەرانیان کە هەر لە فڕۆکەخانەی "میهرئاباد" دور دەکەونەوە، نیوەی ئاسیا بە ئێران دەبینن. رەخنە لە کورد دەگرن گۆیا لە ناو خەون دا دەژی و بیر لە کوردستانی گەورە دەکاتەوە، بەڵام رەخنە لە خۆیان ناگرن کە نیوەی پارزەمینی ئاسیا لەو لاوە تا چین و لەو لاشەوە تا وڵاتانی بەڵکان دەکەن بە بەشێک لە ئێرانی گەورە. ئێمە لە خەونەکانماندا باس لە خاکێک دەکەین کە هەمو دانیشتوانی کوردن، بەڵام ئەوان باس لە خاکێک دەکەن کە تەنانەت فارسێکی لێ ناژیت. دواجاریش ئێمە تاوانبارین بە جیاخوازی و مافی خۆمانە لە سێدارە بدرێین و ئێمەش مەزلومانە دەپاڕیینەوە کە تکایە وامان پێمەڵێن.

هەڕەشەو دادگایی ئەوان لە میدیاکانیان داو پاڕانەوە و لالانەوەی ئێمە، بۆته قەوانێکی دوبارە و هەر جارناجارێک لێ دەدرێتەوە. رۆژنامەنوسە هەرە زوڵملێکراوەکەیان، کاتێک دێتە سەر پرسی کورد، دەمامکی مرۆڤێکی فاشیست و چەوسێنەر دەکاتە روخساری و قەڵەم بەسەر رەش و سپیدا دەکێشێ. هیچکام لەمیدیاکانیان، بەتایبەت ئەوانەی لە ئەمریکا وەشان دەکەن، باسی کورد ناکەن و کاتێکیش باسی دەکەن، بە مەبەستی سوکایەتی پێکردن و دادگایی و دانپێدانانە. میدیاکانی فارس، بەدیوێکی دیکەدا، جۆرێکن لەدادگا بێدادەکانی کۆماری ئیسلامی و رۆژنامەنوس و بێژەر و هەواڵسازەکانیش رۆڵی دادئەستێن و قازی دەبینن. له ئەمریکا زیاتر لە بیست کەناڵی تەلەفزیۆنی وەشان دەکەن، رۆژانە مێشکی سەری خەڵکیان بردوە بە قسە و گۆرانی سەیر و سەمەرە. بەڵام هیچکامیان رێگە بەخۆی نادا، چەند خولەکێک تەرخان بکات بە هاوڵاتیە کوردە ئێرانیەکانیان!! مۆسیقای عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی و ئیسپانی دادەنێن، بەڵام لە ئاوازی کوردی سل دەکەنەوە. جارجارە نەبێ چەند گۆرانی جەمشید دەخەنە سەر، ئەویش لەوانەیە پاداشی فارسی وتنەکەی بێ یان لە بەر ئەوە بێ کە بەرهەمی کۆمپانیاکانی خۆیانە. هەندێکجاریش گۆرانیەکی لەیلا فەریقی دەخەنە سەر و دڵنیام لە گەڵ گۆرانیبێژێکی عەرەب لێیان تێکدەچێ بۆیە دەیخەنە سەر.

لەبەرامبەر ئەم هەڵسوکەوتە کوردەکانی رۆژهەڵات پێنج کەناڵیان هەیە، کە نیوەی بەرنامەکانیان بە فارسیەو زۆر بە شانازیشەوە دەیکەنە تریبۆن بۆ هەر فارسێک بە تایبەت ئەگەر ئەو کەسە رۆژنامەنوس و رۆشنبیر بێ و هەوساری بۆ شل دەکەن، چی دەڵێ، بێڵێ. کاریان بە سەریەوە نیە لە تەلەفزیۆنەکەیاندا، کە پارەکەی بە هەزار زەحمەت و لەناو ددانی شێردا دەردێنن، ریکڵام بکات بۆ هەر رەوت و جەریانێکی فارس و پان ئیرانیست و پێشیان ئاساییە تەنانەت سوکایەتی بەکورد بکا.

کاروان دەڕوا و رۆشنبیرانی فارس لە گوێی گادا خەوتون. دەوروبەریان بەخێرایی دەگۆڕێ، بەڵام ئەوان هەر بەرەو پاشەوە دەچن. میدیاکان رۆژانە کار دەکەن بۆ پێشخستنی ئاستی بێلایەنیان. بەڵام ئەوان بە پێچەوانەوە. لەمیدیاکاندا کاری سیاسیەکی شارەزا دەکەن و ئەرکە نیوەچڵەکەی دەزگا ئەمنیەکانی ئێران تەواو دەکەن. کە دێتە سەر ئاستی وشیاری و ریفۆرمخوازی فارسەکانیش، پێیان وایە ئەوان لەچاو تورک و عەرەبەکان پێشینەیەکی زۆریان هەیە و ڕۆحی ریفۆرم و فارس دوانەیەکی لێکدانەبڕاون. لێ لەڕاستیدا ئەو روداوانەی لەناو میدیاکانی عەرەب و تورکدا رو دەدا، ئەوان بەسەدان ساڵی دیکەش پێی ناگەن و نایانەوێ پێی بگەن. خۆ ئەگەر لەناو تورکەکان و عەرەبەکاندا کەسانی توندڕەو و نزیک لەحکومەت هەبوبێ، بەردەوامیش ئەو دامودەزگاو کەسێتیانە هەبون داکۆکیان لە پرسە رەواکەی کردوە. نوسەرێکی عەرەبی عێراقی نیە، پارتی و یەکێتی نەناسێ، نوسەرێکی تورک نیە، پەکەکە نەناسێ و لەسەر پرسی کورد نەینوسیبێ، بەڵام کەمتر نوسەرێکی فارس هەیە سەرکردەو حزبەکانی کورد لە رۆژهەڵات ناس بکا و دان بەبونی کێشەیەک دابنێ بەناوی کێشەی کورد. ئەوەتا گەورەترین رۆژنامەنوسیان ئاغای شمسەددین واعزی کە رۆیشتە باشوری کوردستان، لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێکدا کە بۆچی میدیاکانی ئێران بێدەنگن، لەبەرامبەر کێشەی کورددا، دەڵێ چونکە کێشەیەکی وا بونی نیە و لە ئێران مەسەلەی مافی مرۆڤ لە ئارا دایه.

دەرفەت لە دەست ئەوان دایە، دەوڵەتەکانیش ئیمکانی زۆرتر دەخەنە بەر دەستی ئەوان. حزب هەیە لە بەیاننامەدا سوپاسیان دەکات چونکە ئەو کەناڵانە باسی کوردیان کردوە، بێ ئاگا لەوەی ئەوە ئەرکی میدیایە باس لە کێشەکانی رۆژ بکات و سوپاسی پێناوێ. یان هەیە دەڵێ ئێمەی کوردیان نەناسیوە و زۆر ئاساییە، دەبێ خۆمانیان پێ بناسێنین و ئەو کارەی میدیاکانی فارس جێگەی رەخنە نیه. کەچی ئەوان دەزگایەکی زل و زەبەلاحن و ئەوان رۆژنامەنوسن، ئەوانن دەبێ هە‌وڵی ناسینی من بدەن، نەک من هەوڵی خۆناساندنیان پێ بدەم. هەرچەند خۆناساندنی ئێمە دەبێته خوێندنی یاسین بە گوێی ... دا. چونکە ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان دەرفەت و هەلومەرجی خۆمان و ئەواندا، دەبینین زەحمەتە و تەنها خۆماندو کردنە. باشتره ئەوان دەهۆڵی خۆیان بکوتن.

چیدی ئەو هەڵوێستانەی میدیاکانی فارس بەلای منەوە سەیر نیە و شتێکیش نیه پێی هەڵبچم و سەری خۆمی پێوە بێشێنم. تەنها شتێک ئازارم دەدا، هەوڵی ئاژاوەگێڕی و چەواشەکارییانە، لەو کاتانەی هەست دەکەن کوردەکان هەنگاوێک لەپێشەوەن. لەروداوی دڵتەزێنی ئەمدواییەدا کە ئیحسان فەتاحیان لەسێدارە درا، کورد بەهەمو لایەن و توێژەکانیەوە یەکڕیز و یەک هەڵوێست بو. ئەو یەکڕیزیە دەکرێ نیشانەی ئەزمون و وشیاری گەلی کورد بێ و من پێموایە بۆ زۆربەی پرسەکانی دیکەش لەداهاتودا هەر بەو شێوەیە دەبێ. ئێران لەو کاردانەوەیە ترسا و ناشتنی تەرمی ئیحسان بەبێدەنگی و بەدزی دەربڕی ئەو راستیەیە. ئەو یەکڕیزیە نەک بەلای ئێرانەوە هەزم نەکرا، بەڵکە دەست و پەیوەندەکانی لەدەرەوەش بۆیان دانەقورتا و ویستیان بەجۆرێک چەواشەکاری بکەن و مەبەستە سەرەکیەکان و رۆژەڤەکە لاڕێ بکەن. نمونەی ئەو چەواشەکارییانەش هەواڵە ئاڵۆزەکانی بی بی سی و بۆچونی کارمەندەکانی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی پان ئێرانیستەکان دەنگی ئەمریکا بو. دیسان هێرشی ئەوان و دیسان پەنابردنی ئێمە بۆ ویکیپیدیا و فەرهەنگە سیاسیەکان. ئەوەش بەجۆرێک لەجۆرەکان دروستکردنی باسێکی لاوەکی بو لەپەراوێزی باسێکی گرنگتردا.

پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەئێران و کوشتنی هەندێک لە گەنجان بۆ داکۆکی لە بزوتنەوەی سەوز، کورد نەبو لاپەڕەکانی ئەنتەرنێت نەئاخنێ و فەیسبوک بەو وێنە و ڤیدیۆیانە هەراسان نەکا. بەڵام دوابەدوای لەسێدارەدانی ئیحسان فەتاحیان هیچ فارسێک پەژارەی و خەمی خۆی دەرنەبڕی. ئەوە فارسەکانی دەنگی ئەمریکا و تەلەڤزیۆنەکانیان و دیکەی میدیاکانیان نەبو، پەژارەی خۆیان دەڕبڕی، ئەوە بزوتنەوەی سەوز نەبو هەڵوێست نیشان بدا، بەڵکە ئەگەر سەیرێکی میدیا کوردیەکانتان کردبێ بینیتان کوردی دیاربەکر بو گریا و ماردین و هەولێرو قامیشلی و سلێمانی و .... بون دەنگیان هەڵبڕی. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لەلایەنی کورد و کەسایەتی بەزوڕنای چەواشەکارەکان هەڵدەپەڕن و دەیانەوێ روداوەکە گرێ بدەن بەتارانەوه، گرێی بدەن بەبزوتنەوەی پاشڤەڕۆی سەوزەوە. تەنیا لەبەرئەوەی پەیامیان بە برا گەورە بگات و پاداشەکەشی ئاوڕدانەوەیەک یان وتوێژێک لەگەڵ ئەو زاتە بێ.

ئێمە سەردەمانێک پێویستیمان بەمیدیای فارس هەبو، بەڵام ئێستا ئێمەش میدیاو دامودەزگای خۆمان هەیە و بەڕای من هیچ پێویست ناکا، بۆ ئەوەی ئاوڕمان لێبدەنەوە، مل بدەینە بەر هەمو سوکایەتیەک. هیچ شتێکی ئەوتۆ نیە، ئەوان بتوانن بیکەن و ئێمە نەتوانین. بە پێشخستن و گرنگیدان بەو دەزگایانەی خۆمان هەمانە، دەتوانین کاریگەری لەسەر رای گشتی خۆمان و بگرە دەوروبەریش دابنێین. با لەوە زیاتریش کاتی خۆمان بەفیڕۆ نەدەین بە پێناسەکردنی چەمک و دەستەواژەکان. 





دواتر | په‌ڕه‌ 13 له‌ 117 | ‌پێشوو
manshet news agency