دیالۆگ

مافی سه‌رجه‌م نووسراوه‌كانی ناو ئه‌م وێبلاگه‌ پارێزراوه. بۆ په‌یوه‌ندی: bayezidi.s@orangemail.ch

خەرجی رۆژانەم ناگاتە دۆلارێکیش"

وتوێژی رۆژنامەی (تورکیا) لەگەڵ موراد قەڕەیڵان

سازدانی؛ عوسمان ساغرلی

وەرگێڕانی لەتورکیەوە؛ سەلاحەدین بایەزیدی

24 کاتژمێر پاسەوانی لەخاڵی پشکنین

بەساڵانە، بارەگاو شوێنی حەوانەوەی پەکەکە واتە قەندیل، لەروی جوگرافی و سروشتەکەیەوە، بە "هەکاری" دەشوبهێندرێ. ئەوانەی بیانەوێ بچنە قەندیل، بەو ژمارە زۆری دێهاتیەکانیشەوە، پێویستە خاڵی پشکنینی "کۆرتەک" دەرباز بکەن کە بیست و چوار کاتژمێر لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە پارێزگاری لێدەکرێ. ئەو کەسانەی گومانیان لێ بکرێ، لەلایەن هەپەگە (باڵی سەربازی پەکەکە) ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێ.


قەندیل، وەک بەرمۆدایەکی شەیتانی سێگۆشە

قەندیل لەنێوان تورکیا، عێراق و ئێراندا هەڵکەوتوە و خاوەنی پانتاییەکی تا بڵێی بەرینە. چیاکانی قەندیل بەرزاییان دەگاتە سێ هەزار مەتر و دەیان گوندیش دەگرنە خۆ. داوێنەکانی قەندیل رێگەی قیرتاویان هەیە و هەر چی بەرزاییەکانیشە بەتەواوەتی لەلایەن پەکەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. ئەندامەکانی ئەو رێکخراوەیە، ناوە ناوە بەجلی سڤیلەوە دێنە ناو ئەو دێهاتانەو هەندێکجاریش دەچنە شارەکان و شتومەک دەکڕن.

یاساکانی قەندیل

* پێویستە هەمو رۆژێک پیاوەکان ردێنیان بتاشن.

* داربڕینەوە و راوکردن قەدەغەیە.

* نابێ لەنێوان یەکتریدا گرژی دروست بکەن.

* بە پێچەوانەوە چەک دەکرێن (ئەمە لەشاخ قورسترین سزایە.)

هەر ئەندامێک دەبێ بڕیارەکانی رێکخراوەکە جێبەجێ بکا

لەناو قسەکانماندا لەدۆڵێکی قەندیل، کە موراد قەرەیڵان باسی هەڵوێستی پەکەکەی دەکرد سەبارەت بە قۆناغی کرانەوە، پشتگیری خۆیانی بۆ چارەسەری دیموکراسیانە دەربڕی، بەڵام گوتیشی پێویستە بەشێوەیەکی هەمەلایەنە کاری لەسەر بکرێ. قەرەیڵان وێڕای ئاماژە بەوەی لەناو رێکخراوەکەیاندا هەندێک کەس و لایەن هەن لایەنگری لە پێکدادان دەکەن، گوتی "کاتێک بڕیارێکمان پەسەند کرد، دەبێ هەمو کەسێ جێبەجێی بکات، جا چ پۆزۆسیۆنێک لەگۆڕێ بێ، گرنگ نییه."

پێشگوتن

کرانەوەی ناو تورکیا لەقەندیلەوە

یەکەم جار ساڵی 2007 لە کەرکوک روبەروی پەکەکە بومەوە. دەزگای هەواڵگری سەر بە تاڵەبانی پاش ئەوەی زانیبویان من لەتورکیاوە هاتوم، خستیانمە ژێر چاودێری و نزیکەی حەوت کاتژمێر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردم.

دو ساڵ بەسەر ئەو رۆژانەدا تێدەپەڕێ و لەو ناوەدا گۆڕانکارییەکی زۆر بەدیهاتوە، کرانەوە بەروی کورددا، رۆژەڤی تورکیای داگیر کردوە. دیسان لەباکوری عێراق و ئەمجارەیان لەناوەندی پەکەکە واتە لەقەندیلم. بەرپرسی پەیوەندیە میدیایەکانی پەکەکە ئەحمەد دەنیز سەرەتا داوای منی بۆ وتوێژ لەگەڵ قەرەیڵان رەت کردەوە و گوتی "ئێمە نامانەوێ لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین. چونکە قسەکانی ئێمە دەگۆڕن و چی بەمێشکیان داهات دەینوسن. ئێوە دەتوانن بۆچونی خۆتان لەسەر ئێمە بنوسن، بەڵام ناکرێ قسەکانی ئێمە وەک خۆی بڵاو نەکەنەوە." بەڵام لەئەنجامی پێداگری مندا، پێی راگەیاندم بەتەلەفۆن ئاگادارم دەکاتەوە و بەڕێی کردم.

پاش هەفتەیەک ئەحمەد دەنیز گوتی "هەڤاڵ (قەڕەیڵان) بەتایبەت لەگەڵ تۆدا وتوێژ دەکا. بەڵام دڵنیا بن لەمەو دوا، نایبینن لەگەڵ میدیاکانی تورکیادا قسە بکەین، ئێستا چاوەڕوانی ئێوەیە." و بەمجۆره بانگهێشتی قەندیلی کردم.

235 کیلۆمەتری نێوان هەولێر ــ‌ قەندیلمان بەچوار کاتژمێر بڕی، روبەڕوی چەندین خاڵی پشکنین بوینەوە. جار جارە بە تولەرێیەکاندا دەڕۆیشتین و ئەمەش دەیهێنا، چونکە پەکەکە بەڵێنی رێپۆرتاژی بە من دابو و بەگوێرەی خۆیان کرانەوەیەکیان ئەنجام دابو. دوای تێپەڕاندنی خاڵی پشکنینی پەکەکە، لەشوێنێکی نزیک تەلەفۆنەکانم رادەست کردن. سەرەتا چاییمان خواردەوە و دوایی لەگەڵ دەستەیەکی پانزە کەسی لە پارێزەرەکانی، وتەبێژی پەکەکە موراد قەرەیڵان گەیشتە لامان.

دوابەدوای خۆناساندنێکی کورت، بێ متمانەیی خۆی لەمەڕ میدیاکانی تورکیا هێنایە زمان. لەوەڵامی مندا کە داوامکرد "لەو قسانە کە ئامانجیان زیاتر پڕوپاگەندەیە، دەمەوێ وڵامی پرسیارەکانم بدەیەوە"، گوتی "هەر چی پێت خۆش بێ، بیپرسە، من بۆ پڕوپاگەندە نەهاتوم. رێگایەکی دورو درێژ هاتوم تەنیا بۆ ئەوەی متمانە بە راستگۆیتان بکەم. نوسین و نەنوسینی، لەسەر ئێوە دەمێنێتەوە."

لەمیانەی وتوێژەکەماندا، راشکاوانە وڵامی پرسیارەکانی دایەوە. بەبەرزکردنەوەی تۆنی دەنگی و جموجوڵی هەوڵیدەدا کاریگەریی هەبێ. جارجارەش بزەیەکی دەهاتە سەر لێو. وتوێژەکەمان نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند و بەگشتی پێنج کاتژمێر لە گەڵ قەڕەیڵان ماینەوە. بەڵام قسەکانی قەڕەیڵان لەسەر نانخواردن لەوانی دیکەی گرنگتر بون.

ئەوەش نمونەیەک لە قسەکانی؛

سەرۆک وەزیر ئەردۆگانیش، کۆمەڵیک تایبەتمەندی سەرکردایەتی هەیە. چونکە قۆناغێکی لەمجۆرە تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەوە رەچاو دەکرێ کە سیفەتی سەرکردەیان هەبێ. وەک کەسێکی بوێریش هاتە بەرچاوم، لێبەلێ هەندێک گومانم هەیە. لەوە دەفکرم ئەنجامێکی وەک ئۆزالی بەسەر دێ.

ئەو سیاسەتەی لەسەر شارەوانیەکانی دەتەپە پەیڕەو دەکرێ، سیاسەتی تۆقاندنە. هیچکەسێ ناتوانێ پەڵەی رەش بەناسنامەی کوردایەتیمانەوە بلکێنێ. بەر لەهەمو کەسێک ئێمە دژی ئەو سیاسەتە دەردەکەوین.

هەنگاوەکانی کرانەوە لە پەرلەماندا قسەیان لەسەر کرا. راتان چییە لەسەر ئەو ئاستەی کە پرسەکە پێی گەیشتوە و ئیتر لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێ؟

سەرەتا پێویستە بڵێم گفتوگۆکردنی پرسی کورد لەچوارچێوەی پەرلەمان و بۆ یەکەمجار، خۆی لەخۆیدا بەلای ئێمەوە دەرئەنجامێکە. دیارە تورکیا بە پشت بەستن بە چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورد، دەیتوانی لەپێناو داهاتوی خۆیدا، پێڤاژۆیەکی نوێ دەست پێ بکا. بەداخەوە ئەمە روی نەدا. هەنگاوی پراتیکی بەرز نەکردەوە. سەرەتا هیوایەکی زۆرترمان هەبو. حاڵی حازر، هیچ چارەسەرییەک بەدیناکرێ.

ـ ئێوە چاوەڕوانی دەسپێکێکی چۆن بون؟

پرسی کورد، کێشەیەکه بەڕەگدا چوە. بەکرانەوەی بچوک مەحاڵە چارەسەر ببێ. نەخۆشیەکی قورسی گورچیلە بە ئاسپرین دەرمان ناکرێ. کێشەی کورد، بەگۆڕینی ناوی هەندێک شوێن بۆ ناوە کۆنەکەی یان بەدامەزراندنی تەلەڤزیۆن چارەسەر نابێ. کورد ئەمڕۆ خۆی زیاتر لە پانزە کەناڵی تەلەڤزیۆنی هەیە. لەزانکۆیەک ئەنیستیتۆی کوردۆلۆژی دادەمەزرێنن. ئەمە چ شتێکی گرنگی تێدا دەبینرێ؟ ئەگەر مەسەلە ئەوە بێ، کوردەکانی دەرەوە چەندین ئەنیستیتۆیان دامەزراندوە. تەنانەت ئەگەر زمانی کوردی وەک زمانێکی هەڵبژاردەش پێی بخوێندرێ، چارەسەری دەگەڵ خۆیدا ناهێنێ.

لێرەدا کۆمەڵگایەک هەیە. داننان بەناسنامەی ئەم کۆمەڵگایە گرنگە. ئێمە باسی کێشەیەک دەکەین کە بەدرێژایی 85 ساڵ تراژیدیای گەورە ژیاوە.

حکومەتی (وشەکە دەگۆڕێ) دەوڵەتی کۆماری تورکیا، لەرابردوەوە تا ئێستا ناسنامەو راستینەی گەلی کوردی خستۆتە ژێر پێ. ئەمە هەڵە بو. ئەوان دەبوایە گوتبایان "ئێمە ئێستا ئەو هەڵەیە راست دەکەینەوە. کورد هەیە و ناسنامەیشی هەیە. دان بەهەر چەشنە ماف و ناسنامەیەکیاندا دەنێین. پێکەوە برایانە دەژین. مێژویەکی هەزاران ساڵەی هاوبەشمان هەیە. لەڕێگەی پێکەوە ژیانەوە، پڕۆژەی نوێی دەخەینە رۆژەڤەوە."

ـ بەڕێز سەرۆک وەزیرانیش هەندێک لێدوانی راگەیاند کە مانایەکی هاوشێوەیان هەبو. لەهەمویان گرنگتر، روی کردە ئەوانەی داکۆکیان لەروداوەکانی دێرسیم دەکرد و بەو کەسانە لەقەڵەمی دان کە فڕیان بەسەر مرۆڤایەتیەوە نییه. گوتی چیاکان بەهیچ و خۆڕایی بۆردومان کراون، گوندەکان سوتێنران، روخێنران و هەروەها ئەو رۆڵانەی لەو جوگرافیایەدا دەژیان، بێ سەرو شوێن کران. ئەوە لەڕوانگەی ئێوەوە، پەیامێکی گرنگ نییه؟

بێگومان لێداونەکانی بەڕێز سەرۆک وەزیران مانای خۆی هەیە. بەڵام هێشتا کەمە. ئەگەر دەوڵەت لەم سیاسەتەیدا، هۆکاری ئازارەکانیش بخاتە رو، جێگەی متمانەیە.

ئەگەر سەرۆک وەزیر کردەوەی کەسانی نزیک لەخۆی ریسوا بکا، لەراستیدا هەڵسوکەوتێکی جیاواز دەبێ. ئەوانەی دەیانەوێ درێژە بەو کردەوانە بدەن، دەڵێن "کردەوەکانی ئێوە هاوچەرخ نین. پێویستە بەمیتۆدی نوێ نزیکی کوردەکان ببینەوە و بیانخەینە ژێر چاودێرییەوە."

باس لەیەکپارچەیی خاکی تورکیا دەکرێ. ئێمەش داکۆکی لەهەمان شت دەکەین. دەوڵەت بەهۆی مامەڵەی توندوتیژی لەگەڵ کوردەکان رەخنەی لێگیراوە. ئێستا دەیانەوێ بەمامەڵەیەکی نەرمتر کوردەکان بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە. پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێ "ئەم کێشەیە تەنیا بەشێوازی سەربازی و ئەمنی چارەسەر نابێ". خوێندنەوەی من بۆ قسەکانی ئەردۆگان ئاوایە "پێویستە پەکەکە پاکتاو بکرێ. ئەوان بەشێوازی سەربازی تەواو نابن. دەبێ رێ و رێبازی دی بەتاقی بکەینەوە." پاش ئەم قسانە من چۆن دەتوانم هیوادار بم.

سەرباری هەمو ئەمانەش، حکومەتی ئێستا بەگوێرەی ئەوانی رابردو باشە. پارتی دادو پارتی کۆماری گەل پێکەوە بەراورد ناکرێن. لێ نوکە لەبەرامبەرماندا حکومەتێک هەیە کە بانگەشەی چارەسەری دەکات. پێموایە ئەم حکومەتە بەو سیاسەتانەی ئێستای ناتوانێ چارەسەری بەدوای خۆیدا بێنێ. دیارە کێشەی لەمجۆرە بەشێوەیەک لەشێوەکان لەهەمو گۆشەو قوژبنێکی جیهان رویانداوە. واتە کێشەیەک نیە یەکەمجار دەستەویەخەی تورکیا بوبێ. ئەگەر ئامانج چارەسەری بێ، ئەوا لەڕێگەی گفتوگۆ و وەک بەردەنگ پەسەند کردنی لایەنی بەرامبەر، کێشەکان چارەسەر دەبن. ئێستا حکومەت دەڵێ کێشەکە بەبێ لایەنی کوردی چارەسەر دەکەم. دەڵی "بەردەنگ گەلە"، بەڵام لەڕاستیدا وا نییه. ئەم کێشەیە لایەنی بەرامبەریشی هەیە.

ـ ئەو شوێنەی کێشەکان تیایدا گەیشتونەتە بنبەست، هەر ئەم خاڵەیە. خوێندنەوەکان جیاوازن. ئایا ئەوە راستە تەنیا حکومەتێک باجی قۆناغێکی 86 ساڵە بداتەوە؟

سەرۆک وەزیر هەندێک شتی نوێ دێنێتە زمان. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا دەڵێ "با پەکەکەش ئالیکاری بکات." دواجار بەم چەشنە دەسپێشخەریانەی سەرۆک وەزیر، چارەسەری بەدی نایە. ساڵی 1988، تورگوت ئۆزال هاتە مەیدان و وەک ئەردۆگان قسەی نەدەکرد. چونکە کێشەکە ئەو پێگە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەی ئێستای نەبو. ئیتر دەرکەوتوە ئەم کێشەیە بەڕێگەی سەربازی چارەسەر نابێ. ئەمڕۆکە هەمو بەرپرسانی تورکیا بەگشتی و سەرۆک وەزیران بەتایبەتی، ناچارن کێشەکە چارەسەر بکەن.

ـ سەبارەت بەچۆنیەتی دەسپێکردن، تەنها رستەیەکتان هێنایە زمان، ئەویش داننان بەناسنامەی کورد دا... جگە لەمە پێشنیاری دیکەتان هەیە؟

من هەمو جارێ ناچار نیم یەکە یەکە ئەمانە بژمێرم. بۆ نمونە دەتوانم ئاماژە بکەم بە داننان بەزمانی زگماکی، داننان بەخوێندن بەزمانی زگماکی، دەرفەتدان بەرێکخستنی سیاسی، بەهێزکردنی دەسەڵاتە خۆجێیەکان و واژۆکردنی پرۆژەی پێکەوە سازانی کۆمەڵایەتی لەپێناو چارەسەری و زۆر بابەتی دیکە. بەناردنەوەی گروپەکانی ئاشتی، هەوڵماندا پەیامی خۆمان رابگەیەنین.

ـ پێشوازیکردنەکان ئۆرگانیزه کرابون. دەتەپە بەهەمو توانایەوە، لەسلۆپیەوە هەتا دیاربەکر مرۆڤەکانی هەستاندە سەر پێ.

لەوانەیە دەتەپە هاوکاری کردبێ. بەڵام، نیشاندانی ئەم خۆشەویستیە قوڵە لەلایەن گەلەوە گرنگە. ئەگەر لێرەدا پڕوپاگەندە یان شەڕی سایکۆلۆژی کرابێ، ئەوا دەکرێ لێکۆڵینەوەیەکی جیای بۆ بکرێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێ کێشەکە بخەینە سەر مێزی دیالۆگ و لەڕێگەی ئەقڵەوە چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزینەوە، پێویستە قسە لەسەر راستیەکان بکەین. راستی ئەمەیە؛ ئەگەر پەکەکە لەبەر چاو نەگیرێ، ناکرێ باس لەلایەنی کوردی بکەین. 30 ساڵە ئێمە لێرە بە سیاسەتەوە سەرقاڵین. بەرپرسانی ئێستای کۆماری تورکیاش سیاسەت دەکەن. یانی ئەگەر رۆژانە جنێو بە پەکەکە بدەن، کێشەکە چارەسەر دەبێ؟ ئێوە دەتانەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام ئاوا نابێ.

ـ ئەی چۆن هەنگاوێک پێویستە؟

بۆچی باسی رێ و رێبازە سیاسیەکان ناکا؟ رستەی "با فرمێسکی دایکان رابوەستێ" و رستەگەلی دیکەی لەو بابەتە کە سەرۆک وەزیر ریزی کردن، هەمویان جوان بون. بەوتنی هەندێک شتی باش، کێشەکە چارەسەر نابێ. ئەگەر حکومەت هەنگاوی بەهەند بەرز نەکاتەوە، ئەوا کۆمەڵێ هێز سەرهەڵدەدەن و هەوڵدەدەن قۆناغەکە بشێوێنن.

ـ ئەو هێزانە کێن کە هەوڵی شێواندنی قۆناغەکە دەدەن؟

ئەو دەوروبەر و لایانانەن کە چارەسەرییان ناوێ... ئەو لایەنانەی لەشەڕی تورکیا سودی ئابوری و سیاسی دەستەبەر دەکەن..

کێشەی کورد و گەمەی بەریتانیا

ـ ئەوانە کوردن یان تورکن؟

بەر لەوەی کورد یان تورک بن، ئەو کەسانەن لەلایەن دەوڵەتەوە رێکخراون. ئایا لەنمونەی ئەرگەنەکۆندا نەبینرا؟ بەر لەهەمو شتێک، خۆ هەمو کردەوەکانی ئەرگەنەکۆن لێپرسینەوەیان لەسەر نەکرا. پێموایه بەشێکی بەرچاویان، لەناو خودی دەوڵەتدا درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن. دەربڕینەکانی مەهەپە و جەهەپە نمونەی ئەم راستیەیە. ئەرگەنەکۆن لەم خاڵەدا، قسەکانی راستن. لەو قسەیە دا کە دەڵێ "دەتانەوێ تەرمی شەهیدەکان بگەڕێتەوە" و مەبەستی ئۆپۆزۆسیۆنە، راست دەکا. هەن ئەو لایەنانەی لەناو بیرۆکراسی دەوڵەتدا لایەنگری لەبەردەوامیی شەڕ دەکەن. یەکێک لەو هۆکارانەی کە تا ئێستا وایکردوە کێشەکە لەسەر پێ بمێنێتەوە و ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەری، هەر ئەو هەڵسوکەوتەیە.

ئاڵمانیا دژی چارەسەری کێشەکانە

ـ گەلۆ بەهەڵوێستتان سەبارەت بەڕاگرتنی شەڕ، ئالیکار نابن بۆ چەسپاندنی ئەم کەشوهەوایە؟

لەناو هێزەکانی خۆماندا، هەوڵدەدەین ژیانێکی هاوسەنگ و سادەمان هەبێ. لەوانەیە خەرجی رۆژانەم نەگاتە دۆلارێکیش. ئەوانەی بازرگانی بەم شەڕەوە دەکەن، تەنیا لە ناوخۆی تورکیا ناژین. لەدەرەوەی تورکیاش هەن. ئەوانەی تا ئێستاش نەیانویستوە کێشەی کورد چارەسەر بێ، هێزە دەرەکیەکان بون. ئەوان پێانخۆشە ئەم کێشەیە بەردەوام هەبێت و وەک کارتێک دژی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بەکاری دێنن. ئینگلیزەکان لەو کۆنفرانسەی لە ساڵی 1921 لەقاهیره بەستیان، ئامانجیان چارەسەرکردنی پرسی کورد نەبو، بەپێچەوانەوە هەوڵی چارەسەرنەکردنیان دا. هەروەها ئاڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریکا دەیانەوێ ئەم کێشەیە بەوڵاتانی ناوچەکەوە بلکێنن. ئەمریکا لەرۆژی ئەمڕۆدا، هەوڵی بچوک کردنەوەی کێشەکە دەدات و نایەوێ کێشەکە بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەر ببێ. ئامانجیان لەهەڵپەساردنی ئەم کێشەیە ئەوەیە رۆژهەڵاتی ناوین لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا بهێڵنەوە. لەبەر ئەم هۆکارانە ئێمە هاوار دەکەین؛ "وەرن با ئەم کێشەیە پێکەوە چارەسەر بکەین." رون و ئاشکرایە کە دەیانەوێ بەشەڕمان بدەن.

ـ ئایا ئەم هێزە دەرەکیانە لە گەڵ ئێوە پەیوەندییان بەست؟

ناوه ناوە بەڵێ. بەڵام نەک بۆ یارمەتیدان و پشتگیریکردن. بۆ نمونە، دژی ئێمە هەڵوێست دەنوێنن و بەوەش ئەو لایەنانە بەهێز دەکەن کە لە تورکیا دژی چارەسەری دەوەستنەوە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بەئاڵمانیا بکەین. ئاڵمانیا نایەوێ پرسەکە چارەسەر بێ. چونکە ئاڵمانیا زۆر باش دەزانێ ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بێ، ئەوا تورکیا پێشدەکەوێ و دیموکراتیزه دەبێ. لەئەنجامدا، تورکیا لەیەکێتی ئەوروپادا وەردەگیرێ. تەنانەت لەوانەشە تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوین پێشەنگایەتی یەکێتیەکی دیکە بکات. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێ، تورکیا هیچکات دیموکراتیزه نابێ. پێموانییه هێزه نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ چارەسەریی ریشەیی کێشەکەدا بن.

ــ ئایا بەپێداگریتان لەسەر خەباتی چەکداری، ئەو لایەن و کەسانە بەهێز ناکەن کەدژی چارەسەریین؟

ئێمە پێداگری ناکەین لە سەر خەباتی چەکداری. ئێمە بەشێکین لە ئیرادەی گەلی کورد. شانبەشانی هێزە چەکدارییەکانمان، هێزی سیاسیمان هەیە. ستراتیژی ئێمە بۆ چارەسەری کێشەکان دیالۆگ و شێوازی سیاسیە. لەساڵی (1993)وە دەمانەوێ کێشەکان بەمیتۆدی سیاسیانە چارەسەر بکەین. لە ساڵی (1999)یشەوە، رێبازی پاراستنی رەوامان بەکار هێناوه. رێبازەکەشمان ئاوایه؛ ئەگەر هێرشم بکەیتە سەر، ئەوا منیش خۆم دەپارێزم. چارەسەریمان دەوێ و تەسلیم نابین. ئەگەر پێکهاتن و دیالۆگێکی دولایەنە دروست ببێ، ئەوا بۆ ئاشتیەکی بەرومەت ئامادەین. لەپێناو دیموکراتیزە بونی تورکیا و چارەسەر کردنی کێشەی کورد لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی ئامادەین هەر چەشنە ئاسانکارییەک ئەنجام بدەین.

وتوێژ لەناو کتێبخانەی چیا

لەناو ئەو کتێبخانەیەی سێ کاتژمێر وتوێژمان لەگەڵ موراد قەرەیڵان کرد، مێزێکی تێنیس، تەلەڤزیۆنێک و ژمارەیەکی زۆر کتێب بەزمانی جوراوجۆر هەبون.

چەند تێبینیەکی سەرنج راکێش لەسەر ئەو وتوێژە

* بەکارهێنانی سیفەتی "بەڕێز" بۆ (رەجەب تەیپ ئەردۆغان) سەرنج راكێش بو.

* لەو شوێنانەی وشەی "حکومەت"ی بەکار دەهێنا، بەردەوام رستەکەی دەگۆڕی و وشەی "دەوڵەت"ی لەجێگە دادەنا.

* لەکاتی وێنەکێشاندا، وەک عەبدوڵا ئۆجەلان هەڵسوکەوتی دەکرد.

* بۆ ئەوەی جارجارە کامێراکانی خۆشیان وێنە بگرن، لەناو وتوێژەکەدا رو لەکامێرا تۆنی دەنگی بەرزتر دەکرد و هەوڵی دەدا پەیامەکەی بەهاوڕێیانی بفامێنێ.

* دوای تەواوبونی وتوێژەکە، لە ئێمە دابڕاو بۆ ئەوەی بەدوای ئەو دا لەکتێبخانەکە نەڕۆینە دەر، وشیارانە دەیڕوانی.

* رەوان دەئاخفی و هەوڵیدەدا ژێست و هەڵسوکەوتەکانی کارتێکەر بن. بەگشتی دەیویست وێنەیەکی دڵسۆزانە نیشان بدا.

* لەپشت ئەو کورسیەی لەسەری دانیشتبو، جانتایەکی دیپلۆماسی دانابو. ئەو جانتایەی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا.

* سەبارەت بەروداوەکانی ناوخۆی تورکیا، کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستە کردین و هە‌وڵیدا بیرو را ئاڵوگۆڕ بکرێ (بۆ نمونە سەبارەت بە ئەرگەنەکۆن)

مردنی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بو

ـ لەم سی ساڵەی رابردودا کام دوڵەت پەیوەندی لەگەڵ ئێوەدا هەبوە و یارمەتی ئێوەی داوە؟ ئەمڕۆکە ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵ ئێوە روراست نین، کامانەن؟

ئێستا کێ هەیە یارمەتی پەکەکە بدات؟ لەساڵی 1985 بەدواوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەبەردەوامی ئالیکاری تورکیای کردوە دژ بە پەکەکە. بەڵام ئەمەشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی کردوە. دڵنیام ئەگەر ئەمریکا و دەوڵەتەکانی هاوشێوەی نەبوایەن، پرسی کورد لەمێژ بو چارەسەر کرابو. ئۆزال بۆچی کوژرا؟ مەرگی ئۆزال بۆ تورکیا لەدەستچونێکی گەورە بو. دەیویست هەمو کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکات بەڵام زلهێزەکانی جیهان بەهۆی ئەوەی چاویان بڕیبوه تورکیا، مۆڵەتیان پێنەدا.

ئێمە پانکاردمان بەرز نەکردۆتەوە

ـ لەدەروازەی خاپور دنەدان هەبو. ئایا دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و بەرزکردنەوەی پانکارد دنەدان نیه؟

ئەگەر ئەمە کرابێ هەڵەیە. بەڵام بۆ پانکاردەکان لێکۆڵینەوەمان کرد، ئەوە ئیشی ئێمە نەبو. دیارە هێزه ئەمنیەکانیش خەریکی لێکۆڵینەوەن و تا ئێستا رون نەبۆتەوە کێ بەرپرسیارە.

ـ گروپی دیکەش لەڕێدان بۆ گەڕانەوە؟

ئیتر گەلی کورد بەوادە و بەڵێنی فریو نادرێ. بینیمان بەهەزاران کەس لەپاسەکان نزیک دەبونەوە و دەیانویست دەستیان لێ بدەن و ماچیان بکەن. ئەمە تاسەی متمانەیە بە ئاشتی.

ـ باشە لەمیانەی ناردنەوەی ئەو گروپانەدا، ئەنجامدانی میتینگی پێشوازی بەبەشداری دەیان هەزار کەس، پەیامێک نەبو بۆ ئێوە؟ ئایا مەراسیمی پێشوازی لەدیاربەکر، ناکرێ وەک پەیامێک وەربگێرێ کە چیتر پێویست نیە ئێوە لەچیاکان بمێننەوە؟

بێگومان بۆ ئێمەش هەڵگری پەیام بو... بەڵام ئاشتی هەوڵێکی دو لایەنەیە. بەڵگەنەویستە گەلەکەمان ئاشتیەکی بەشەڕەفی دەوێ.

تایبەتمەندیە هاوبەشەکانی چیانشینان

* زمانی قسەکردن (بەزمانە بیانیەکانیشەوە) تورکی و کوردییه.

* جاران لایەنگری یانەی "گالاتا سەرای" بون، ئێستاش یانەی "دیاربەکر سپۆر"یان خۆشدەوێ.

* بۆ بانگکردنی یەکتری وشەی "هەڤاڵ" بەکار دەهێنن.

* سەرمەشقیان عەبدوڵا ئۆجەلانە.

* دوژمنیان عوسمان ئۆجەلانە.

* جلوبەرگیان لەپانتۆڵێک و کەوایەک پێکدێ و پێڵاوی "مەکاپ"یان لە پێیە.

* پێیان وایه "ئونور ئۆیمەن" کەسێکی دڵسۆزه. (لەسەر ئەو بڕوایەن، چی لەدڵ دابێ، دەیهێنێته زمان.) 

* لەهەرە گەورەکەیانەوە تا هەرە بچوکەکەیان، رستەگەلی هاوبەش بەکار دێنن و لاسایی ئۆجەلان دەکەنەوە.

بۆ ئەوەی لێت تێنەگەن، بەتورکی قسە بکە

ئەو پەکەکەییانەی لەخالی پشکنینی کۆرتەک کە دەروازەی رۆیشتنە بۆ قەندیل، کێشک گرن، لە کن بیانیەکان بەتورکی قسە دەکەن بۆ ئەوەی کەس لێیان تێ نەگا. (لەچەپەوە: عەگید کە بەڕەچەڵەک خەڵکی سوریایە و ئەوی تریشیان هێشتا تەمەنی نەبۆتە هەڤدە ساڵ، خەڵکی وانە و ناوی سەرحەدە.)





دواتر | په‌ڕه‌ 12 له‌ 117 | ‌پێشوو
manshet news agency