دیالۆگ

مافی سه‌رجه‌م نووسراوه‌كانی ناو ئه‌م وێبلاگه‌ پارێزراوه. بۆ په‌یوه‌ندی: bayezidi.s@orangemail.ch

ئایا تورکیا جیاوازی لەگەڵ سویسرادا هەیە؟

kleseلەتورکیەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

رۆژی یەکشەممەی رابردو (29 ــ 11 ـ 2009)، لە سویسرا خەڵکی ئەو وڵاتە لەراپرسیەکدا دەنگیان بەقەدەغەکردنی منارە دا و حکومەتی تورکیا کاردانەوەیەکی توندی نیشاندا. ئەوە لەکاتێکدایە پرۆتستانەکانی تورکیا لە ئەنقەرە فرۆشگایەکیان کردبوه جێگەی رازو نیاز، بەهۆی ئەوەی تورکیا رێگەی پێنەدابون کلێسە دروست بکەن. هەروەها لەماوەی ساڵی رابردودا، لانیکەم پانزه هێرشی جۆراوجۆر کرایە سەر کلێسەکان.

لەوڵاتی تورکیا دوابەدوای قەتڵوعامی چەند مەسیحیەک لەوەشانخانەی "زیرڤە"، کوشتنی راهیبەکان و دواجار تیرۆری هرانت دینک، هێرش بۆ سەر کلێسەکان پەرەی سەند. لەم چوار ساڵەی دواییدا، لەڕێگەی هێرشی جۆراوجۆرەوە، رێگە نادرێ پرۆتستانەکان کلێسە دروست بکەن. هەروەها پرۆتستانەکان بەهۆی ئەوەی کە خاکیان پێنەدرا تا کلێسە بنیات بنێن، پەنایان بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا برد.

پرۆتستانەکان کە هیچ شوێنێک بۆ نوێژکردن بەدیناکەن، ناچارن لەئەپارتمانێکی کرێدا یان لەناو فرۆشگاکاندا، ئەرکە ئاینیەکانیان بەجێ بێنن. لەو شوێنانەش، پرۆتستانەکان هیچ ئاسایشێکی ئەوتۆیان نییەو بەردەوام روبەڕوی هەڕەشەو هێرش دەبنەوە.

 یاسای بنیاتنانی جاران لەتورکیا، تەرخانکردنی شوێن بۆ مزگەوتەکانی بە شارەوانی دەسپارد. ساڵی 2003 ئەم مادەیە لەیاسای بنیاتنان گۆڕدراو بەمجۆرە لەیاسادا چەسپا "لەرێکوپێکردنی پلانەکانی بنیاتنان، وێڕای  لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی شارو ناوچەکە و پێداویستیەکانی پێشەڕۆژ، شوێنی پێویست بۆ نوێژو بەجێهێنانی ئەرکە ئاینیەکان تەرخان دەکرێ."

یاسا هەیە، شوێن نیە

ساڵی رابردو، دەزگای رزگاریی کلێسەکان، لەبەر گۆڕینی یاسای بنیاتنان، پەنایان بۆ شارەوانی "چانکایا" برد و داوایانکرد لە ناوچەی چانکایا خاکێک بدرێت بە دەزگای رزگاری کلێسەکان بۆ دروستکردنی، بەڵام شارەوانی چانکایا داواکەیانی رەت کردەوە. 

شارەوانی چانکایا و لەهەمانکاتدا بەرپرسی پارتی کۆماری گەل موزەفەر ئەریڵماز، بەدەسپێشخەری خۆی بڕیاریدا داخوازی پرۆتستانەکان حەواڵەی مەجلیسی شارەوانی نەکا کە توانای پلاندان و گۆڕینی پلانەکانی هەیە. ئەریڵماز کە یاسای پێشێل کردبو، لەکاتی ئەنجامدانی ئەو کارەدا، بەو شێوەیە وڵامی رۆژنامەکانی دایەوە "لەناو هەمو ئاپارتمانەکاندا، تەنانەت لەهەمو ئەو شوێنانەی باڵکۆنیان هەبێ و نەبێ، کلێسە هەیە. تەنانەت لەوێ بەشێوەیەک کاری میسیۆنێری دەکەن کە هەمو یەکشەممەیەک هاوڵاتیە تورکەکان رو لەوان دەکەن. ئەو کەسانەی بچنە لایان یاخود دان بەو شوێنانە دابنێن، مانگانە 250 دۆلاریان پێدەدرێ."

پرۆتستانەکان لەسەر ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی شارەوانی روی سکاڵایان کردە دەزگای دادی ئەنقەرە. لەسکاڵاکەدا ئاماژە بەوە کرابو کە یاسا دەرهەق بەوان پێشێل کراوە و شارەوانیەکان بەگشتی و شارەوانی چانکایا بەتایبەتی ئەرکی خۆیان بەجێ نەهێناوە.

پەیماننامەکانی لۆزان

لەسکاڵاکەدا سەرنج راکێشرایە سەر پەیماننامەی لۆزان کە تورکیاش پەسەندی کردوە و تیایدا مافی جیاوازییە ئاینیەکانی هەمو کەسێک گەرەنتی کراوە. هەروەها رونیان کردەوە شارەوانی چانکایا بەو هەڵوێستەی مادەی ئازادی ئایینی لە پەیمانەکانی مافی مرۆڤی ئەوروپای پێشێل کردوە. لەسکاڵاکەدا، داواش کرا بەگوێرەی یاسای بنیاتنان و جاڕی مافی مرۆڤی ئەوروپا و پەیماننامەی لۆزان، پێش بەبڕیارەکانی شارەوانی چانکایا بگیرێ چونکە دژایەتی یاسای کردوە.

دادگای ئەنقەرە بەبیانوی ئەوەی بڕیارەکانی شارەدار لەگەڵ یاسا گونجاوە، داخوازی ئەوانی رەت کردەوە. پرۆتستانەکان، بڕیاری دادگای ئاماژەپێکراویان دایە دادگای تەمیزی ناوچەکە، بەڵام دادگای ناوچەش داواکەیانی رەت کردەوە.

پرۆتستانەکان کە لە یەکێک لەگەورەترین ناوچەکانی تورکیا واتە چانکایا شوێنێکیان نەدۆزیەوە بۆ نوێژ و تاعەت، سکاڵایان بردە بەر دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا.

دەزگای رزگاریی کلێسەکان لەم دە ساڵەی دواییدا، زیاتر لە دە جار داوای مۆڵەتیان کردوە بۆ دروستکردنی کلێسە، بەڵام بەردەوام بێ وەڵام ماونەتەوە و ئێستا لەناو فرۆشگایەکدا لە ئەنقەرە ئەرکە ئاینیەکانیان بەجێ دێنن. دوابەدوای هەمو ئەمانە، پرۆتستانەکان بونە ئامانجی پارێزگاری ئەنقەرە.  

پێشتر دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، پەیوەندیدار بەدادگایی کردنی دو کەس، تورکیای لەسەر بەکارهێنانی خانو وەک کلێسە مەحکوم کرد و داوای لەو وڵاتە کرد رێگە بدات بەدروستکردنی شوێنە ئاینیەکان.

کلێسەکان دەبنە مزگەوت

لەلایەکی دیکەوە لە شاری قەرس دوانزە کلێسەی حەوارییەکان کراونەتە مزگەوت. ساڵی 1993 بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف، کلێسەی بە وەزارەتی کاروبارە ئاینیەکان سپارد. بەدوای ئەمەدا، کلێسەکان وەک مزگەوت بەکار هێنران. لەنێوەندی قەرس، پێشتر دو قولەی کلێسەیەک روخێنران و لەبریان دو منارە لەملاو لەولای جێگیر کرا. ناوی کلێسەکەش ئێستا "مزگەوتی فەتحیە"یە. ساڵی رابردو، هەوڵدرا (کلێسەی دوانزە حەواریەکان)یش وای لێبکرێت و دواتر موفتی ناوچەکە رێگەی بەگەشتیارەکان دا سەردانی ئەو شوێنە بکەن و گوتی "گەشتیارەکان تەنیا بۆیان هەیە سەردانی (مزگەوتی کویمبەت) بکەن، بەڵام بۆیان نیە ئەرکی ئاینی بەجێ بێنن"

هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا

کۆمیسیۆنی ئەوروپا، مانگی ئۆکتۆبەر لەڕاپۆرتێکیدا تورکیای بەپێشێلکەری ئازادیە ئاینیەکان تاوانبار کرد. لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەو خاڵانە کراوە "لایەنە غەیرە موسڵمانەکان بەبەردەوامی لەبەر نەبونی شوێنی نوێژو بەجێهێنانی ئەرکە ئاینیەکان روبەڕوی هەڵاواردن دەبنەوە. سەرجەم داواکارییەکانیشیان بۆ دروستکردنی شوێنێک لەلایەن کاربەدەستانەوە رەت دەکرێتەوە. ژوری دوعای پرۆتستانەکان و جولەکەکان ناوە ناوە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێ. سکاڵاکان دژی مزگەوتی عەلەوییەکان بەردەوامن. وێڕای ئەوەی سێ مزگەوتی عەلەوییەکان لەسێ شارۆچکەی تورکیا مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵام سیاسەتی نکۆڵیکردن لەوان هەروا بەردەوامە."

سەرچاوە؛‌ ئاژانسی فورات





دواتر | په‌ڕه‌ 9 له‌ 117 | ‌پێشوو
manshet news agency