دیالۆگ

مافی سه‌رجه‌م نووسراوه‌كانی ناو ئه‌م وێبلاگه‌ پارێزراوه. بۆ په‌یوه‌ندی: bayezidi.s@orangemail.ch

راکردن بەجلی ژنان

ئاژانسە فەرمیەکانی ئێران زۆر بەگەرم و گوڕی وێنەی ئەو خوێندکارەیان بڵاو کردەوە کە گۆیا بە جلی ژنانەوە گیراوە. ئاژانسی دەنگوباسی "فارس"ی نزیک لەدەوڵەت، دەڵێ، مەجید تەوەکولی لەڕۆژی خوێندکاردا کاتێ کە هەوڵیداوە رابکات، قۆڵبەست کراوە و لەبەرامبەردا هەندێک لایەنیش دەڵێن کە وێنەکان دەستکردن یاخود پێیان وایە بەزۆر جلوبەرگی ژنانیان لەبەر کردوە.

ئەو هەواڵە، روداوی هاوشێوەی ئەبولحەسەنی بەنی سەدر، یەکەم سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانمان دێنێته بیر کە گۆیا لەجل و بەرگی ژناندا، لە ئێران رایکردوە و خۆی رزگار کردوە. سەبارەت بە راستی و ناڕاستی راکردنەکەی بەنی سەدریش بەجلی ژنانەوە رای جیاواز هەیە. کۆمەڵێک رەتی دەکەنەوە و کۆمەڵێک دانی پیا دەنێن. بەنی سەدر خۆی لەوتوێژێکدا هەواڵەکە بەهەڵبەستراو لەقەڵەم دەدا و دەڵێ ئەو قسانە لەلایەن فەخرەدین حیجازی و جەلالەدین فارسی و بەفەرمانی راستەوخۆی خومەینی بڵاو کرایەوە.

ئەوەی کە ئەو دو روداوە چەندە راستن و چەند هەڵبەستراو، پێموابێ تەنیا بەلای راگەیەندنە فەرمیەکانی ئێرانەوە گرنگە و بۆ ئەوەش نابێ لەسەری بڕۆین. شتی سەرنجڕاکێش لێرەدا، دوبارەبونەوەی شێوازێکی بیرکردنەوەیە بەدرێژایی سێ دەیە. واتە لەهاتنه سەر کاری خومەینیەوە تا رۆژی ئەمڕۆ.

بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵانە، زەقکردنیان و هەروەها چۆنیەتی گواستنەوەیان، روی راستی کاربەدەستانی ئێران و ئەو ئایدیۆلۆژیایەیان دەخاتە روو کە کاری پێدەکەن. ئەقڵیەتێک کەڕاشکاوانە پێمان دەڵێ "لەبەرکردنی جلی ژنان یەکسانە لەگەڵ راکردن. ئەوە ژنە رادەکات و ئەوە پیاوە لە مەیدان دەمێنێتەوە." کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شکاندنی کەسایەتیەکی سیاسیی، ژن وەک دەسکەلایەک بەکار دەهێنن و لەروانگەی ئەوانەوە ژن و ئەو شتانەی بەکاری دێنن شورەییە. ئاژانسەکانی ئێران لەهەواڵی گرتنی تەوەکولیدا، تەنانەت ئاماژە بەجانتایەکی ژنانە دەکەن کە بەدەستیەوە گیراوە. بەو پێیە چارشێو، لەچکە، مەمکدان، ملوانکە، گوارە، جانتا و گۆرەوی و شۆرتی ژنانە و .... تاد هەمویان سوکن و مرۆڤ پێیانەوە سوک دەبێ.

ئەگەر ئەوانە سوک بن و بەکارهێنانیان مرۆڤ تا ئەو ئاستە سوک بکات کە بەڕێوەبەرانی ئێران بیری لێدەکەنەوە، خودی ژنیش سوکە. چونکە دواجار ژن بەکاریان دەهێنێ. سەیر نیە کۆماری ئیسلامی ئێران بەچاوێکی سوکەوە سەیری رەگەزی ژن بکات، بەڵکە سەیر لەوە دایە لەماوەی سی ساڵدا نە تەنیا بچوکترین گۆڕان بەسەر ئەو ئەقڵیەتەدا نەهاتوە، بگرە قوڵتر بۆتەوە و قەوانی سی ساڵ لەوە پێش بێ هیچ جیاوازییەک لێدەدرێتەوە. تەنانەت هەستیارییەکان هێند زۆر بون کە فرۆشتنی جلوبەرگی ژنان لەئێراندا قەدەغە دەکرێ و رێگە نادرێ مانکێنی ژن لە فرۆشگاکان دابنرێ. 

حوکمڕانانی ئێران تا دێت وڵاتەکەیان بەرەو کۆمەڵگایەکی عەشیرەیی و پیاوسالار دەبەن و تیایدا وەک سەردەمەکانی چاخی ناوین بە پێی یاسای عەشیرە نەیارەکانیان بەرەگەزی بەرامبەر دەشوبهێنن و بەمجۆرە تۆڵەیان لێدەکەنەوە. روداوەکە هیچ جیاوازی نییە لە گەڵ کەلتوری "بەبوک بردن" کە عەشیرەکان لەکۆندا پەیڕەوییان لێدەکرد. ئەو کاتانەی عەشیرەیەک هێرش دەکرایە سەر ناموسی، هەمو گەنجانی عەشیرە کۆ دەبونەوە و کەسەکەیان دەگرت، ئەشکەنجەیان دەکرد، دەستدرێژییان دەکردە سەر و جلی ژنانەیان لەبەر دەکرد و "بەبوکیان" دەبرد.

کۆماری ئیسلامی ئێران کە رەگی لەناو پیاوسالاری و ئایین داکوتاوە، هەمان کەلتور دەخاتە ناو سیاسەتەوە. ئەشکەنجە و دەستدرێژی و بەبوک بردن وەک میتۆدێک بۆ تۆڵەکردنەوە لە نەیاران و سوک کردنیان. گەنجانێک بەبیانوی (لات و لوت) لە گەڕەکەکانی تاران کۆ دەکرێنەوە و مەسینەیان بەملدا هەڵدەواسن و جلی ژنانیان دەکەنە بەر. ئەو جلە لە هەمان کاتدا دەکەنە بەر خوێندکار و سەرکردەیەک کە گوێڕایەڵیان نیە و "ئاژاوەگێڕ"ە.

کۆتا قسە؛ ژن لەڕوانگەی دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی ئێرانەوە هێندە نزمە کە بەسوک کردنی راستەوخۆی ئەو رەگەزە راناوەستن و هەوڵ دەدەن لە کەسایەتی پیاو و لەڕێگەی رەگەزی بەرامبەریشیەوە سوک و ریسوای بکەن.





دواتر | په‌ڕه‌ 6 له‌ 117 | ‌پێشوو
manshet news agency