دیالۆگ

مافی سه‌رجه‌م نووسراوه‌كانی ناو ئه‌م وێبلاگه‌ پارێزراوه. بۆ په‌یوه‌ندی: bayezidi.s@orangemail.ch

هەینی رەش

heyni reshئەحمەد ئاڵتان

لەتورکیەوە؛ سەلاحەدین بایەزیدی

لەڕێگەی دەرکردنی حوکمێکەوە وڵاتێکیان لەت و پەت کرد. لەپێناو ئەمەشدا هێندە بەپەلە بون کە ئەو یاسایەی دەڵێ "ئەو بڕیارەی بیانوەکانی نەنوسرابێ، ئاشکرا ناکرێ" پێشێل کرا.

ئایا بڕوا بە دادگایەکی دەستوری بنەڕەتی دەکەین کە دەستوری بنەڕەتی پێشێل دەکات؟

کوردەکانیان لەسیاسەت دەرهاویشت. کوردەکان بچنە کوێ، بڕوا بە کێ بکەن؟

بەساڵان ئەم مرۆڤانەتان چەوساندەوە، بەساڵان ئەشکەنجەتان کردن، لەشەقامەکان تەقەتان لێکردن، گوندەکانی ئەوانتان سوتاند، ماڵەکانی ئەوانتان کاول و زمانی ئەوانتان قەدەغە کرد.

هەر بەس نەبو؟

 ئێستاش لەمەیدانی سیاسەت دەیانخەنە دەرەوە. بڵا ئەحمەد تورکیش نەبێ تاکو ئەو سیمایە بڕوادارەی پشتگیری لە "ئاشتی" دەکرد، لەسیاسەتدا نەمێنێ.

لەوڵاتێکدا کە دەستوری بنەڕەتی "کودەتایەکی دەستوری" بێ، دەکرێ چ جۆرە چاوەڕوانیەکمان لە دادگای دەستوری بنەڕەتی هەبێ؟ هیواکانی ئاشتیان تێکوپێک دا.

بەتەنیا دەتەپەیان مەحکوم نەکرد، بگرە وڵاتێکیان مەحکوم کرد. مەحکومیان کرد بە ئێش و ئازار، بەنەداری، بە بێ متمانەیی و دوژمنایەتی کردنی یەکتری.

پەکەکە بێهودە پەلەی کرد بۆ ئەوەی ئاشتی چەق ببەستێ، ئەگەر هەندێک چاوەڕێ مابایەوە هەندێک کەس لە ئەنقەرە، بەر لەوان و زۆر باشتر لەوان ئەم کارەیان ئەنجام دەدا.

هیوا حەرامە لۆ ئێمە. خەیاڵ بۆ ئێمە حەرامە. ئاشتی ژ بۆ مە حەرامە.

کام گەنجی کورد لەمەودوا متمانە بەم وڵاتە دەکات؟ کام مرۆڤی کورد لەمەودوا بڕوای بەدادپەروەری دێ؟

ئایا پێی وا نابێ هەمو شتێک خاپاندن و درۆ و دەلەسەیە؟ ئایا هەقیان نیە وا بیر بکەنەوە و وایان بەسەر بێ؟

لە ئاشتی، سەقامگیری و بەختەوەری نزیک ببوینەوە، دەستەکانمان دەگەیشتە هیوایەک. ئێستا گەنجانی کورد کە هیوایان لەسیاسەت و دادپەروەری بڕاوە، چی بکەن؟ ئەگەر پۆل پۆل رو لەچیاکان بکەن، کێ بەرپرسیار دەبێ؟

کێ دەتوانێ بڕوایان پێ بێنێ بەوەی لەتورکیا دادپەروەری، مافەکانی ئەوانیش دەگرێتە بەرچاو، کێ متمانەیان پێ دەبەخشێ؟ ئەمەیە تورکایەتی؟

گەلۆ تورکایەتی، لەبەرچاونەگرتنی یاسا، خاوەندارێتی نەکردن لەهاوڵاتیانی خۆیان و چۆڵکردنی وڵاتە بۆ زاڵبونی چەکەکان؟ ئەگەر ئەمەیە تورکایەتی، من شەرم دامدەگرێ لە تورکبون.

دادگای دەستوری بنەڕەتی "بەکۆی دەنگ" بڕیاری داوە. ئەو شوێنەی بڕیاری لێ دەرکراوە، دادگا نیە، لەوێ دادگەرە "تورک"ەکان هەن.  دادگەرە تورکەکان، کوردەکانیان لەسیاسەت هاویشتە دەر، هەمو کوردەکان بەمجۆرە سەیری روداوەکە دەکەن. ئایا ناهەقن تێڕوانینێکی لەمجۆرەیان هەبێ؟

ئایا لەدادگای دەستوری بنەڕەتی دادگەرێک هەیە بڵێ "من کوردم"؟ ئەو دادگایەی تەنانەت ئەندامێک لە ئەندامەکانی نەتوانێ بڵێ "من کوردم"، گەلۆ دەتوانێ بڕیارێکی دادپەروەرانە دەرهەق بە مافەکانی کورد دەربکات؟ ئەگەر کوردەکان شارۆمەندی ئەم وڵاتەن، بۆچی لەدادگای دەستوری بنەڕەتی دادگەرێک بەدی ناکرێ کە بڵێ "من کوردم"؟

کوردەکان شارۆمەندی ئەم وڵاتە نین، کێشەکەش هەر لێرە دایە، تورکەکان شارۆمەندی ئەم وڵاتەن و کوردەکان ناتوانن لەیەک کاتدا هەم کورد بن و هەم شارۆمەند.

وەها ئەو مرۆڤانە دەخرێنە ژێر گوشارەوە کە یان دەبێ واز لە کوردبونیان بێنن یان لە شارۆمەندییان، بەڵام ئەوان واز لە کوردبونیان ناهێنن. بۆچی وازی لێ بێنن؟ ئەگەر تورکەکان ئامادە نەبن واز لە تورکبونی خۆیان بهێنن، کوردەکان بۆچی دەبێ واز بهێنن؟

کەواتە ناچاریان دەکەن واز لە مافی شارۆمەندی بێنن، ئێوە وا دەکەن، ئێوە خەریکی پارچە پارچە کردنن، ئێوە دەیانخەنە دەرەوە، ئێوەن پێیان دەڵێن "بڕۆن".

رێگەی سیاسەت دادەخەن، رێگەی یاسایی دادەخەن و لەبەردەم ئەو مرۆڤانەدا رێگەیەک ناهێڵنەوە جگە لە شاخ. بە کوردەکان دەڵێن "یان بە قسەم بکە و ببە بە تورک یان لەو شاخ و داخە بۆ خۆت بمرە". ئینجا لێشیان توڕە دەبن کە بۆچی پەنایان بۆ چیاکان بردوە. 

کوردەکان ویست و داخوازی خۆیان بەکێ، چۆن و لەکوێ رابگەیەنن؟ دەنگی ئەوان لەکوێ دێتە دەر؟

دەڵێن با دەنگیان دەر نەیەت. لێ ناتوانن گەلێک کپ بکەن، نەمافی ئەوەتان هەیە و نەهێزیش.

ئێوە هیوا دەکوژن.

ئێستاکە من کوردێکم، ناوەوەم لە مەیتخانە دەچێ، هیوا و خەیاڵەکانم بەوێنەی ژورێکی بێ چرا ئەنگوستەچاوە. دادەنیشم، خۆ رادەگرم، پێش هەمو شتێ لەدەرونی خۆمدا مۆمێک دادەگیرسێنم.

تیشکێکی درەوشاوە و بچوک و کز.

ئەوسا چاوەڕێ دەمێنمەوە تا تیشکەکانی دیکەش ببینم.

لەهەمو ویژدانەکاندا تیشکێک پێدەکەوێ و ئێمە لەو تیشکە بچوکە درەوشاوانە، روناکاییەکی نوێ، هیوایەکی نوێ و خەیاڵێکی نوێ دەئافرێنین.

ئەگەر ئێوە بیانكوژن، ئێمە ده‌یانژێنینه‌وه‌.

سەرچاوە؛ رۆژنامەی تەڕەف





دواتر | په‌ڕه‌ 5 له‌ 117 | ‌پێشوو
manshet news agency