
ئا: سەلاحەدین بایەزیدی
یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی لەو ساڵانەی دواییدا سەبارەت بەئێران و جولەکە کوردەکان لەئیسرائیل بڵاو کراوەتەوە، لێکۆڵینەوەیەکە کە لەلایەن دکتۆر ئۆراهام (خەلیل) کۆهەن، لەزانکۆی عیبری ئۆرشەلیم چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
کتێبی ئاماژەپێکراو کۆمەڵێک توێژینەوە دەگرێتە خۆ کە سەبارەت بەکەلتورو پەروەردەی جولەکەکان لەئێران ئەنجام دراوە و سەنتەری لێکۆڵینەوەی "ئیبنی سەوا" لەئۆرشەلیم، کەناوی دوهەم سەرۆک کۆماری ئیسرائیلی لێنراوە، پشتگیری لێکردوە.
ئۆراهام، نوسەری کتێبەکە، خۆی لەشاری کرماشان لەدایک بوە و ساڵانێکی دورو درێژ لەئیسرائیل بەڕێوەبەر بوە و تێزی دۆکتۆراکەی لەسەر ئەو قوتابخانانەیەی ئێرانە کە ئالیانس بون و نرخێکی زانستی تایبەتی هەیە.
کتێبی جولەکەکانی کرماشان، بەزمانی عیبری نوسراوە و هێشتا بۆ سەر زمانەکانی دیکە وەرنەگێڕدراوە. لە سێ پشکی یەکەمدا باس لەچارەنوسی جولەکەکانی کرماشان دەکات کە روبەڕوی راوەدونان و ئازار بونەتەوە لەلایەن ئاژاوەگێڕەکان و توندڕەوەکانەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکا کە دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم (تا هاتنی رەزا شا) بەچاوێکی سوک لەجولەکەکانیان دەڕوانی.
نوسەر لەم کتێبەدا ئەوە شیدەکاتەوە کە چۆن کەسانی بەڕواڵەت ئیسلامی، هەمو جۆرە گوشارێکیان لەسەر جولەکەکان پەیڕەو کردوە و ناچاریان کردون رو لەئاینی ئیسلام بکەن. ئەو هۆکارانەیشی لەسەدەی نۆزدەهەم بونە فاکتەرێ بۆ سەر لەنوێ ژیانەوەی جولەکەکانی کرماشان، لەو مژارانەیە کە لەم کتێبەدا لێکۆڵینەوەیان دەربارە کراوە.
نوسەر لەسەرەتادا، وێڕای ئاماژەکردن بەتایبەتمەندیە جوگرافیەکانی پارێزگای کرماشان و دیکەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و روداوە مێژوییەکان ــ لەوانە دەسەڵاتدارێتی بەهرام، چوارەم شای ساسانی بەسەر ناوچەکەدا ــ دێتە سەر سەربوردەی کرماشان و سەرجەم ئەو جولەکانەی بەدرێژایی مێژو لەو ناوچەیە ژیاون.
کتێبەکە لەهەمان سەرەتادا ئەوەمان دەخاتەوە بیر کە کرماشان ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، ناوچەیەکی پیشەیی و پێشکەوتو نیە و حکومەتەکانی ناوەند، ئەو بەشەی کوردنشینی ئێرانیان وەک سەرجەم بەشەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان چەوساندۆتەوە. ئەوە لەکاتێکدا کە پاڵاوگەی کرماشان ساڵی 1935ی زاینی دامەزراوە و ساڵانی 1940یش فڕۆکەخانەی کرماشان دروست کراوە، بەڵام مۆدێرنیزاسیۆن بەخێرایی نەگەیشتە ئەم بەشەی ئێران و کرماشان نەگەیەنرایە ئاستی ناوچە پیشەییەکانی دیکەی ئێران وەک ئیسفەهان و تەورێز.
گەڕەکی جولەکەکانی کرماشان لەناوچەی (فەیزئاوا) هەڵکەوتبو و چۆمی (ئابشوران) کە زۆربەی کاتەکانی ساڵ ئاوی هەبو، لەو شوێنە تێدەپەڕی، بەڵام لەڕاستیدا شتێک نەبو جگە لە عەمبارێک بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و زاڵ و پیسایی و بۆگەنی زەلکاو هاوینان ئەو گەڕەکەی وە ئامان دێنا. گەڕەکی جولەکەکان لەنزیک یەکێک لە پێنج دەروازەکەی شاری کرماشان بو و بۆیەش خەڵک بەو دەروازەیەیان دەگوت "دەروازەی جولەکەکان".
سەرەتای سەدەی نۆزدەی زایینی، ژمارەی خێزانە جولەکەکان دەگەیشتە 136 خێزان، کە لە چوار کۆڵانی باریک و تەنگەبەر و چەپەر لەناو د
و شەقامدا دەژیان. موسڵمانە توندڕەوەکان، خانوەکانی خۆیان بەجولەکەکان نەدەفرۆشت، بۆیە جولەکەکان نەیاندەتوانی خانو بکڕن و لە ناو ماڵانەی هەیانبو، ژیانێکی ئەستەمیان دەبردە سەر چونکە ژمارەیان زۆر بو و لەو ماڵە بچوکانەدا نەدەگونجان. ماڵەکان بەیەکترەوە نوسابون و دەکرا تا ئەو سەری کۆڵان لە سەربانی ماڵێکەوە بچیتە سەر بانی ماڵێکی دیکە. تەنیا لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشاکانی بنەماڵەی پەهلەویدا یەهودییەکانی کرماشان هەندێک ئارامیان بۆ گەڕایەوە و توانیان لەو چوارچێوەیەی بەزۆر بەسەریاندا سەپابو، خۆیان رزگار بکەن و لەشوێنەکانی دیکەی شار بژین.
کۆنترین نوسین سەبارەت بە جولەکەکانی کرماشان دەستخەتی خاخامێکی جولەکەیە بەناوی داوید داویت هیلێل کە ساڵی 1825ی زایینی کرماشانی بینیوە و نوسیویەتی: "ژمارەی خێزانە جولەکەکان لەو شارەدا، 300 سەر خێزانە." بەڵام دکتۆر ئاوراهام کۆهەن دەڵی لەتوێژینەوەکانیدا، بەڵگەیەکی باوەڕپێکراوی دەست نەکەوتوە کە ئەم راستیە بسەلمێنێ.
نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەهەمی زاینی، کرماشان دەستەویەخەی پێکدادان و شەڕ بو. نیوەی دوهەمی هەمان سەدە، کەریم خانی زەند دو جار لەسەر یەک هێرشی کردە سەر کرماشان. ئەم هێرش و تاڵانکردنانە، وایکرد زۆربەی جولەکەکان لەو شارە رابکەن. کەواتە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمی زاینی، سەرجەم ژمارەی دانیشتوانی کرماشان بە پانزە هەزار کەس بەراورد دەکرێ.
هەندێک نوسینی تریش دەربارەی ژیانی خەڵکی کرماشان و جولەکەکانی، بەقەڵەمی گەشتیارێک بەناوی دکتۆر ۆلف و هەروەها کەسێکی تر بەناوی دوساسی، لەبەر دەست دایە. دکتۆر ۆلف لەمیانەی ساڵانی 1824 و 1830 دو جار سەردانی ئێرانی کردوە. دوساسیش مانگی ئۆکتۆبەری 1807 کرماشانی بینیوە. ئەو لەکتێبێکدا دەنوسێ: "ژمارەی دانیشتوانی کرماشان 16 بۆ 18 هەزار کەس دەبێ کە لەژێر چەتری حکومەتی شازادە محەمەد عەلی میرزا، ژیانێکی هێمنیان هەیە." دوساسی بەردەوام دەبێ "بەڵام جولەکەکانی کرماشان نەگبەت ترین و زوڵملێکراوترین خەڵکی شارن. ئەوان ئازار دەدرێن و خەڵک هاموشۆیان لەگەڵدا ناکات، هەر کارێکی بیکەن، دژایەتیان لەگەڵدا دەکرێ." دوساسی خۆی لەو کەسانەیە بەبیروبۆچونی دژە جولەکە ناسراوە.
بەریتانییەکیش بەناوی باکینگهام، کە پێش نۆڤەمبەری 1821 سەردانی کرماشانی کردبو، نوسیویەتی: پێموانیە ژمارەی جولەکەکان لەو شارەدا لەسەد کەس زیاتر بێ.
ساڵانی دواتر، ژمارەی جولەکەکانی شارەکە هەندێک زێدەی کرد. ساڵی 1838 نزیکەی شەست خێزان و بەگشتی 300 جولەکە لەکرماشان دەژیان و ساڵی 1873 ئەم ژمارەیە، گەیشتە 600 کەس.
ئەو ساڵانەی، نەخۆشی قورس و قات و قڕی، هۆکاری سەرەکیی مردنی خەڵک بو، ژمارەیەکی بەرچاو لەجولەکەکانی کرماشانیش توشی نەخۆشی بون. پیسبونی ئاوی شارو نەبونی دەرمان و خزمەتگوزاری، ژیانی هێندەی دیکە بۆ ئەوان ئەستەم کردبو. لە دەیەی حەوتەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، دەزگایەکی خێرخوازی کە هی جولەکەیەکی چاکەکاری بەریتانی بو بەناوی لۆرد موشە مۆنتیفیۆری، بڕی 275 لیرەی ئیسترلینگی پێشکەش بە جولەکەکانی کرماشان کرد بۆ ئەوەی یارمەتی پزیشکیان پێ بگات و لەبەلەنگازی رزگاریان بێ. بەڵام ئەم ئالیکارییانە بە تەنها بەس نەبون.
زیلبێرشتاین ژمارەی جولەکەکانی کرماشان لەساڵی 1932دا بەنزیکەی دو هەزار کەس لەقەڵەم دەدا، ئەوە لە کاتێکدا کە لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە لەو ساڵەدا، ژمارەی راستەقینەی جولەکەکان 2300 کەس بوە.
لێکۆڵەران پێیان وایە دەورەبەری جەنگی جیهانی دوهەم، ژمارەی جولەکەکانی کرماشان بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو کات نزیکەی 2500 کەس بوە. ماوەیەک پاش جەنگی جیهانی دوهەم، لە ساڵی 1948ی زایینیدا (ئەو ساڵەی ئیسرائیل سەربەخۆیی وەرگرت) ژمارەی جولەکەکانی ئیسرائیل پەرەی سەندبو و گەیشتبوە 2864 کەس.
هەژاری و پیسبونی ئاوی خواردنەوە و ئازارو راوەدونان وایانکرد زۆربەی ئەو جولەکانەی مابونەوە، ناوچەکە جێ بهێڵن و کۆچ بکەنە تاران یاخود ئەو شارانەی هەڵاواردن تیایدا کەمتر بو. هەندێکیشیان کۆچیان کردە وڵاتی ئیسرائیل، هەرچەند لەو ساڵانەدا کۆچکردن زۆر ئەستەم بو.
هەندێک لەجولەکەکانی کرماشانیش ئەو جولەکە بەرەسەن عێراقیانە بون کە لەبەر ئازارو زەخت و زۆری ئیسلامیە توندڕەوەکان، عێراقیان بەجێهێشتبو و ناوچە کوردنشینەکانی ئێرانیان بۆ مانەوە هەڵبژاردبو. ئەوان لەچاو جولەکەکانی کرماشان بارودۆخێکی باشتریان
هەبو. "هوخبرگ" کە کاتی خۆی چاوی بەناوچەکە کەوتوە، دەڵێ هەندێک لەو جولەکانە لەژێر سەرپەرشتی گروپی ئالیانس و گروپی (جولەکەکان جەستەیەکی یەکگرتون) دابون.
نمونەیەکی سەرنج راکێش لەسەر ئاماری جولەکەکانی کرماشان کە لەم کتێبەدا بەرچاومان دەکەوێ، ئەو رێژەیەیە کە سەبارەت بە پیشەی 289 کەس لەسەرپەرشتیارانی خێزانەکان لەساڵی 1903 دەست کەوتوە. باسان کە خۆی لە ناوچەکە بوە، دەڵێ 129 پیاوی جولەکە فرۆشیاری بەهارات، گیای دەرمان، فرۆشیاری فەڕش و بەڕماڵ یاخود وردەواڵە فرۆش بون. 85 پیاویش سەرقاڵی فرۆشتن بەتاک و کۆ و کاروباری دوکانداری بون. 68 پیاوی جولەکە رەنگڕێژ، زێرنگەر، فەڕشچن، ئارایشگەر یاخود مامۆستا بون. حەوت جولەکەش کرێکاری سادە بون و دوکەڵ کێش و ئاوی حەوزەکانیان خاوێن کردۆتەوە یان کاری دیکەیان کردوە، لەناو ئەو کرێکارانەدا یەکێکیان لەهەمویان هەژارتر بوه و لە رێگەی باربردنی نانەواخانەیەکەوە بژیوی رۆژانەی دابین کردوە.
سەرکوتی بزوتنەوەی مەشروتە و روداوەکانی دوای ئەو بزوتنەوەیە، بارودۆخی جولەکەکانی لەناوچە کوردنشینەکان ئەستەم کرد. شێخ محەمەد مەهدی یەکێک لەکاندیدەکانی هەڵبژاردنی مەجلیس لەساڵی 1907 بۆ راکێشانی خەڵکی کرماشان بۆ لای خۆی، هێرشی بردە سەر جولەکەکان و لەهەڵمەتەکانی پڕوپاگەندەدا ئەو نوسینانەی بڵاو کردەوە؛
جولەکەکان نابێ لەکاتی باران باریندا لەماڵەکانیان بێنە دەر ــ بۆ ئەوەی نەکا دڵۆپە بارانی جل و پێڵاوەکانیان، زەوی موسڵمانەکان گڵاو نەکا.
جولەکەکان نابێ سواری ئەسپ بن، بۆ ئەوەی هەست بە سەربڵیندی نەکەن.
جولەکەکان نابێ ریشیان بتاشن، بۆ ئەوەی بەردەوام ناحەز بێنە بەر چاو.
جولەکەکان نابێ ماڵێک دروست بکەن کە لەسەروی ماڵی جیرانە موسڵمانەکەیانەوە بێ.
ساڵی 1909 ماڵ و دوکانی جولەکەکانی کرماشان تاڵان کرا، بەڵام جولەکەکان وەها لەبێدادی دەوڵەت و پادشا ناهومێد ببون، کەتەنانەت سکاڵایشیان نەکرد و دەیانزانی حکومەتی ناوەندی سەرقاڵی کێشەکانی خۆیەتی و چارەنوسی جولەکەکانی کرماشانی بەلاوە گرنگ نییه. لەگەڵ ئەمانەشدا جولەکەکانی کرماشان توانیان دیسانەوە لە سەر پێی خۆیان بوەستن و کۆمەڵگای خۆیان بژێننەوە. بەهوی ئەوەی کرماشان دەروازەی رۆیشتنی شیعەکان بو بۆ سەردانی شوێنە پێرۆزەکانی عێراق، هەناسەیەکی هاتەوە بەر جەستەی بازرگانی جولەکەکان.
لەناو کەسایەتیە جولەکەکانی کرماشان دەتوانین ئاماژە بە شەمۆئیل یحزقل حەییم بکەین کە لەو شارە لەدایک ببو و دواتر وەه نوێنەری جولەکەکان گەیشتە مەجلیسی شۆڕای میللی. بەڵام ساڵی 1931 لەلایەن دەوڵەتی ئەو کاتەوە بەتاوانی هەوڵدان بۆ روخانی حکومەت حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچو و حوکمەکەش جێبەجێ کرا. دواتر رون بویەوە کە ئەم تۆمەتە لە جێ دا نەبوە و هۆکارەکەی بەربەستە سیاسیەکان بون لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی رەزا شادا.
شیاوی گوتنە کۆمەڵێک وێنەو بەڵگەی باڵکێش و مێژویی بۆ یەکەمجار لەو کتێبەدا بڵاو کراونەتەوە کە ئەمەش ناوەڕەۆکی کتێبەکەیان گرنگ کردوە.
ئەم وتارە لە ژمارە حەوتی گۆڤاری (ئیسرائیل ــ کورد)دا بڵاو بۆتەوە.






